دەنەم دەدەی دەدەن دەدادەدەن دەنەم

پەڕی 106ەم

جووتێ سەرپێیی


لە نێوان ئەو هەزار جووت پێڵاوەی لەبەردەم هۆڵەكە داكەندرابوون، جووتێ سەرپێیی زۆربڵە، یانی نەعلی چەنەباز، چاوەڕوانی منیان دەكرد تا بێمە دەرێ، لەپێیان بكەم و بیانبەمەوە.

پێڵاوەكان هی ئەو جەماعەتە بوون وا لە شاخ گەڕابوونەوە. پێڵاو یانی كەوش.

بۆڵە بۆڵی نێو هۆڵەكە بە باشی دەگەیشتە گوێی سەرپاییەكان.

قسە و باس و پێك هەڵپڕژان و هات و هاوارێك بوو نەبێتەوە.

ئەو شەوە دوایین جەماعەتی شاخ گەڕابوونەوە، كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوان بوو. دیارە بابەتی سەرەكی شتێكی دیكە بوو، نەك گەڕانەوەی ئەوان.

 بابەتەكە پرسیارێك بوو كە ئەوە سەتەمین كۆبوونەوە بوو بۆ وەڵام دانەوەی دەگیرا.

سكرتێری جەماعەتی تازە گەڕاوە هەر لە خۆڕا قسەی زل زلی دەكرد. بۆخۆشی نەیدەزانی دەڵێ چی.

یەكێك هەستا و چەقۆكێشانە گوتی: باشە بەڕێز لێی ببڕەوە با بەرد نەبارێ!

بوو بە هەرا، هەر كەسە و لەبەر خۆیەوە دەینەڕاند، كەس لە كەس نەدەگەیشت. ئا ئیدی.. كەس بەكەس بوو.

سەرپاییەكە لە دڵی خۆیدا دەیگوت وەڵا كەر كەرێن پڕ بە پێستی خۆیەتی!

لە پڕ یەكێك قوت بۆوە و رووی كردە جەماعەتێكی دیكە و گوتی: ئێستا تۆ شەرەفتان ئەو رۆژنامەیەی جەماعەتی ئێوە، ئەو بەیانییە، ئەوە قسەبوو نووسیبووی؟!

هۆڵەكە بێدەنگ بوو.

سەرپاییەكان گوێیان هەڵخست.

هەموو لە دڵی خۆیاندا: چییان نووسیوە؟!

نووسیویانە: شۆڕمەزە فرۆشەكانی حەوز و مستەڕاح تەشكیلاتی نەهێنیی ئێمە بوون!!!

تەشكیلات شتێكە وەك رێكخستن.

لە پڕ سووخەن گووی جەماعەتێك هەستا و بە دەنگێكی گڕی رەهبەرانە گوتی: سەیرە...! ئەو كەسانەی تا دوێنێ لەگەڵ گورگ بوون، ئەمڕۆ ئیراد لە خەڵك دەگرن، وەك بڵێی هەمیشە لەگەڵ شوان بووون!!!

سووخەن گوو یانی وتەبێژ، رەهبەر یانی سەركردە، ئیرادیش یانی رەخنە، ئەوە روونكردنەوەیەكە بۆ ئەو میوانە بەڕێزانەی لەو دیورا هاتووون.

دیارە كەریش دەیزانی ئەم هەڵچوون و لەسەر كردنەوەیەی ئەو سووخەن گووە بەڕێزە، نان بەقەرزدان بوو، بەڵام دەی!

سەرپاییەكانیش هەروا بۆخۆیان خەریكی ورتە ورت بوون.

یەكێكەكەش لە وەڵامی سووخەن گووەكەدا گوتی: باش وایە ئێوەی لە گورگ هەڵێی شوان بەگا...

كاكە.. تكایە! تەكایە!! تەكایە!!! با كۆبوونەوەكەمان نەبێتە شەرە چەلەحانەی دووكەسی، با لە باسە سەرەكییەكەمان لانەدەین، ئێستا:

"گۆڕستانی شەهیدەكانمان لە كام شار بێ؟!"

سەرپاییەكان فشەیان بەو دۆخە دەهات و لەبەر خۆیانەوە دەیانگوت: باشە ئەوە باسی لەوە  گرنگ تر، پێویست تر و كاریگەرتریان پێشك نەدەهات ئەو بێ مێشكانە؟!؟!

دۆخ یانی وەزعییەت، گرنگ یانی مووهیم و زەرووری، گاریگەریش یانی تەئسیرگوزار، ئەمەش روونكردنەوەیەكە بۆ میوانانی ناوخۆ.

سەرپایی پێی راست گوتی: ئەمشەو مانگ زۆر خەمگینە، هەر لەبەر ئەوەش بووبێ هیچ ناقەومێ، خەمی ئەو كەرانەی ناوەوەت نەبێ!

سەرپایی پێی چەپ گوتی: هێواشتر قسە بكە هاوڕێ، من گومانم لەو كەوشە رەشە بریقەدارە واكس كراوانە هەیە، پێم وایە نفووزین.

هێواش یانی لەسەرەخۆ، نفووزیش یانی سیخۆڕ.. یانی جاش!!!

***

تێبینی: شێعری "رساله‌ی عشق"ی سید عەلی ساڵحی بوو بە هەوێنی ئەم چیرۆكە...

دەنەم دەدەی دەدەن دەدادەدەن دەنەم

پەڕی 105ەم

كورد

 

گرتیان.

دەستیان بەستەوە.

پێیان گوت:

هەڵترووشكێ كاتی مەرگە!

پشتی تێكردن و،

بەزیندوویي چووە نێو چاڵەكەوە و،

هەڵترووشكا و،

بەبێ پەلەقاژە،

سەری نرایەوە و،

بوو بە:

دەست بەستراوترین و،

پشت تێكردووترین و،

هەڵترووشكاوترین

مرۆڤی شەهیدی دنیا!

Kurd

 

girtyan.

destyan bestewe.

pêyan gut:

heltirûşkê katî merge!

piştî têkirdin w،

be zînduuyî  çuwe nêw çalekewe w،

heltrûşka w،

bebê peleqaje،

serî nirayewe w،

bû be:

dest bestirawtrîn w،

pşt têkrdûtrîn w،

heltirûşkawtrîn

mrovî şehîdî dnya!

***

دەنەم دەدەی دەدەن دەدادەدەن دەنەم

پەڕی 104ەم

نابەرپرسیارێـییەکانی حکوومەتی هەرێم و چارەنووسی کۆڵەواری کوردانی پارچەکانی دیکەی، بەتایبەت کوردانی رۆژهەڵات.

 

 

ئەم دروشمە رەنگاڵەیی و بێ بنەمایانەی وەک:"کوردستان، یەک وڵات و یەک ئامانج"، " کوردستان بۆ گشت کوردستانییەکان"و" باشووری کودستان لانەیەکی ئارامە بۆ کوردەانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکووری کوردستانی گەورە"، لە دوای هاتنی ئەمریکا بۆ ئەم دەڤەرە و لابردنی سەرۆکی وردە دیکتاتۆڕە ترسەنۆکەکانی عێراق و هەروەها دوای بە دەسەڵات گەیشتنی وردە دیکتاتۆڕەکانی هەرێمی کوردستان لەم دەڤەرە، ئەم دروشمانەی سەرەوە لەگەڵ دەیان دروشمی بە رواڵەت جوان و بێ بنەمای دیکە هاتنە کایەوە و بوونە هۆی ئەوەی کە لەسەرەتای رووخانی دەسەڵاتی بەعس و درووست بوونی دەسەڵاتی کوردانی باشوور، کۆمەڵێک کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە ـ کە لەلایەن داگیرکەرانی وڵاتەکەیانەوە لە ژێر گوشاری هەمە چەشندا بوون ـ زۆر بە تێڕادیوی و بە رۆحییەیەکی کوردانەوە و بە دڵخۆشییەوە روو بکەنە باشووری کوردستان واتە کوردستانی ئێراق و خەمەکان و تواناییەکانیان لەگەڵ ئەم هەرێمە هاوبەش بکەن.

رەنگاڵەیی بوونی درووشمەکانی دەسەڵاتی باشووری کودستان، سەرەتا وای کرد کە دەسەڵات دارانی هەرێم نەتوانن خۆیان لەو دروشمانە بشارنەوە و ناچار بوون خەڵکێکی زۆر لە پارچەکانی دیکەی کودستانەوە ـ کە لە بوارە جیاجیاکاندا شارەزایی و پسپۆڕیان هەبوو ـ بۆ لای خۆیان راکێش بکەن و لە دامودەزگا جیا جیاکانی خۆیاندا وەبەر کاریان بنێن. بەڵام دوای تێپەڕ بوونی یەک دووساڵ بەسەر ئەم مەسەلەیەدا، دەستێک لە تاریکی ڕا هات و هەمووشتێکی ڕاماڵی، یانی هەر جارە و لەهەر سووچێکی ئەم هەرێمە، بە گوێمان دەگەیشتەوە، کە کوردانی پارچەکانی تر لە لایەن دەسەڵاتی باشوورەوە، کەوتوونەتە تەنگ و چەڵمەی جۆراو جۆر و هەرجارە و بە بەهانەیەک، تەسفییە حیسابیان لەگەڵ دەکەرێ و لە داموودەزگا ئەهلی و حکوومییەکانی باشوور دەر دەکرێن.

چەقاندنی ئاڵای کوردستان، لەسەر سنووری حاجی ئۆمەران و شەکانەوەی ئەم ئاڵایە لە خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەدەستی کۆماری ئیسلامی، ئەو پرسیارەمان لە زەینی دا درووست دەکات: ـ تۆ بڵێی ئەو دەستەی لە تاریکی هات و کێشەی بۆ زۆر کوردی ئێران درووست کرد، دەستی هەمان ئەو تاریکی پەرەستانەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبێ، کە هاتوون و لە بری ئەم ئاڵا چەقاندنە کە بە درۆ نییەت پاکی خۆیان بۆ هەرێم نیشان داوە و دوای دەرکرانی کوردەکانی ئێرانیان نەکردبێ؟ تۆ بڵێی دەستەڵاتی باشوور و کوردەکانی ئێراقیش بۆ خۆ شیرن کردن لەلای ئێران ئاوا نەکەن؟ واتە کوردەکانی ئێران و پارچەکانی دیکە ئازار نەدەن؟!

یانی وای لێ هات کە ئاڵای کوردستان، بە دەستی نەیاران، لەبری خەڵات بدرێ بە بەشێک لە کوردان بۆ چەوسانەوەی بەشێکی تری کوردان بەکار بێت؟!

گەر خانە نشین کردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و قەدەغەکردنی چالاکی لەو حیزبانە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بە هەند نەگرین و بە کڵاو لەسەر خۆنان پاساوێکی دڵخۆشکەرانە بۆ ئەم ڕاستییە بهێنینەوە، ئەوە دەڵێن: حاشا لەمەیان! بەڵام ئەی ئەوانی تر چی؟! نابەرپرسیارییەتییەکانی تر چی؟! ئەوە نابەرپرسیارێتی نییە کە کاتی خۆی بە دروشمی قەبە قەبە، بوون بە هۆکارێک بۆ راکێش کردنی خەڵکی پارچەکانی تر و ئێستاش تا سەر ئێسقان خۆیان لێ بێ منەت کردوون؟!

ماوەیەک لەوەپێش، هەرچی مامۆستای زانکۆ و پەیمانگاکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی بوونی هەبوو، بە هۆی ئەوەی کە جنیسییەی عێڕاقییان نەبوو، واتە عەرەب نەبوون، لە سەر کارەکانیان دەرکران و کەسیش نەیگوت کەرتان بەچەندی؟! دیارە ئەگەر قسەیەکیشمان بۆ دز کردبێت، دەبێ بڵێن: وەڵاهی خۆ حەقیشیان بوو ئەوان دەربکەن، ئاخر ئەو عەڕبە بێ دەرەتان و بێ کەس و کار و ئاوارانەی بەغدا، کە کاتی خۆی کەس و کارەکانیان لێ ئەنفال دەکردن، دەبوایە بە حەقیش بێت ئەوان دابمەزرێن، چوونکە ئەوان عێڕاقیی رەسەن بوون و بڕوانامەکانیان کە مۆری سەددامی "جوانە مەرگی" پێوەیە، لە بڕوانامەی کوردە ئێرانییەکان، زۆر پیرۆزتر و بەرزترە.

بەر لەوەی، پەتای دەرکردنی مامۆستایان و چالاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە داموودەزگاکانی یەکێتیەوە روو بکاتە پێتەختی کوردستان و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بگرێتەوە، لە پێتەختی کودستان زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی کە ئیقامەی سیاسییان هەبوو، بانگ کرانە ئیقامەی هەرێم و ئاسایش، دوای ئەم بانگ کردنە ئیقامە سیاسییەکانیان لێ ئەستاندنەوە و ئیقامەیەکی دیکەیان پێدان بە ناوی ئیقامەی کار کە هەر خۆی ئەمە جۆرێک بێ رێزی بوو بەو چالاکە سیاسییانە، کە ئەو ئیقامەیەش بەکەڵکی هیچ نایە و هیچ مافێکیان بەو ئیقامەیە بەدەست ناهێنن و تەنیا بۆ ئەوەی دەبێ کە خەڵکی پێوە ماندوو و لەکار بکرێ. لێرەشدا دیسان ئەگەر قسەیەکمان بۆ دز کردبێ، دەبێ بڵێن: کاکە دەسەڵاتی هەرێم ئەوەندە ساواو فەقیر و بێ پارەیە کوا بە 17 دەرسەد لە بوودجەی ئێراق، کە پارەیەکی خەیاڵییە، دەکرێ ئەو هەموو پەناهەندە سیاسییە بگرنە ژێر پەڕوباڵی خۆیان و هەندێک ویستی سەرەتاییان بۆ دابین بکەن؟! دەنا حکوومەتیش ئەگەر بڕێک پارەی بەدەستەوە بوایە، پێی خۆش بوو کاتێک کۆنفڕانسێکی یەک رۆژە لەسەر ئەوەی "چۆن گەندەڵی بکەین" بەڕێوە دەبات، لەجیاتی ئەوەی چل پەنجا دەفتەر دۆلار، بۆ قەل و پرتەقەڵ خرج بکات، لەجیات ئەو بڕە پارەکەمە، چوارسەد تا پێنج سەد دەفتەر دۆلاری بۆ تەرخان کردبایەت!

ماوەیەک لەوە پێشیش ئەو پەتایەی کە باسمان کردبوو ئاخرییەکە بە سڵامەتی گەیشتە پێتەختی هەرێمی کوردستان و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیارێک دەرکرا کە هەر ئێرانییەک لە زانکۆکانی هەرێمدا ئیشی مامۆستایی بەدەستەوەیە و شناسنامە و جنسییەی عێراقیی نییە، دەبێ داشقەوتووریان پێ خڕکەنەوە و هەموویان دەرکرێن. ئیتر لەبیریان چووبۆوە کە لە کۆیە کاتی خۆی بۆ ئەوەی خەڵک بە لیستەی 130 دەنگ بدات چەندیان شناسنامە یان هەمان جنیسیەی ئێراقی بۆ خەڵک جەعل کردبوو و کە دەنگەکانیان پێ دان، لێیان ئەستاندنەوە! بەهەر حاڵ، باسی ئەومان دەکرد: دوای کۆمەڵێک مانگرتن و نارەزایەتی دەڕبڕین لەلایەن ئەو مامۆستایانە و کۆمەڵێک خەڵکی دڵسۆزی ئەو هەرێمەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی خۆشەویست، زەمەنی ئیجرایی ئەم بڕیارەی بۆ کاتێکی نادیار وەدوا خست و زۆربەیانیان کردە گرێ بەست و ئەوانی دیکەیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوە و لەسایەی سەری حکوومەتی کوردی، ئێستا مامۆستا رۆژهەڵاتییەکان، شەوانە کەمتر خەون بە دەرکرانیانەوە دەبینن و هەموولایەک هیوادارین ئەم خەونەیان لێ وەڕاست نەگەڕێ.

یەک دوو ساڵ لەوە پێش، لە هەڵمەتێکی دیکەی دەرکردن و تەسفییە حیساب دا، کۆمەڵێک لە کارمەندەکانی "زاگرۆس تیڤی"یان، زۆر مەحتەڕەمانە دەرکرد و هەر پێشیان نەگوتن: ها.. کاکە گیان، ئەوەش دووفلس، ئێوە زۆر بەم تەلەفزیۆنەوە ماندوو بوون و خەڵکێکی زۆریشتان بۆ فێرەکار کردووین، هەر بۆیە کارمان پێتان نەماوە و سەرچاوم!

لە سلێمانیش بەهەمان شێوە و کۆمەڵێک کارمەندی بە رەگەز کوردی ئێرانیان لە کاناڵی گەلی کوردستان دەرکرد و ئەوانیش ناچار بوون روو بکەنە تورکیە و لەوێ خۆیان بە یووئێن بناسێنن و چاوەڕوانی قەبووڵی بکەن کە هێشتاش هەر وەڵامیان وەرنەگرتووە و ژیان و گوزەرانیان زۆر سەخت و ناخۆشە.

"ئێوە کوردی بیانین"،"ئێوە دۆستی ئێمەن، بێگانەن"،"ئێوە ئێرانین"،"ئێوە دەسکەوتەکانی هەرێمی کودستان ناپارێزن، ئاخر ئێوە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و بەو دۆستەی ئێمە دەڵێن: دوژمن"،"ئێمە ئێوەمان بە خێرا خۆمان داڵدە داوە، ئێوەش بێدەنگ بن، تا بە زۆر نەمانناردوونەتەوە ئەودیو"، "ئێوە هەر سەردەمی کۆڕەوەکانمان بەچاودا دەدەنەوە، ها.. ئەوە پارەی خزمەتەکانتان و وازمان لێ بێنن"،"ئێوە، چ خێرێکتان بۆ ئێمە بووە، جیا لەوەی کە دڵی ئێرانمان لێ بڕەنجێنن؟"،"ئێوە...". رۆژانە ئەم قسانە و دەیان قسەی دیکە، کە لە لایەن خەڵکی ئاسایی و کەسایەتییە حکوومییەکانی ئەم هەرێمەوە بە ئێمەمانان دەگوترێ، بۆتە هۆی ئەوەی ئێمەش نەوێرین لەبەرامبەر چووکترین مافی ئاسایی خۆما، لە "ئەلف"ەو بێینە سەر"بێ"، ئاخر چوونکە ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتەنین و مافی رەخنە و تێبینیمان نییە.

تەنانەت ئێستاش کە حەسار خراوەتە سەر ئێران و خەڵکێک بۆ کار و بژێویان روویان کردۆتە ئێرە ئەوەندەی دیکە کوردەکانی ئێران خراونەتە ژێر گوشار و بێ رێزییەوە و پێیان دەڵێن ئێوە لە برسان هاتوون بۆ  ئێرە و جێگەتان بە ئێمە تەنگ کردووە.

ساڵان، خەڵکێکی زۆریان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە هاندەدا کە بێن لە باشووری کوردستان، لە زانکۆکانی ئەم هەرێمەبخوێنن، کەچی لەو خەڵکە زۆرەش، خەڵکێکی زۆر کەمیان وەردەگرت، یانی لە 10 کەسی خاوەن شەرایەت، یەک کەسیان وەردەگرت، بۆ وێنە پارەکە من خۆم لەو کەسانە بووم کە ناوم لە ریزی هەزارو پێنج سەدەمین کەسەکانی ناونوسکراوی زانکۆدا بوو، بەڵام لەو رێژەیە نزیک بە 130 کەسیان، بە دڵی خۆیان وەرگرت و بەبێ هیچ تێبینییەک ناوی کەسەکانی تریان رەش کردەوە و هەر بەلاشی دانەچوونەوە. سێ ساڵ دواتریش هەر لەم پێوەندییدا، سەرەتا قەرار بوو کەس وەرنەگرن، دواتر قەرارەکە وای لێ هات کە ئەو کەسانەی دەیانهەوێ بێن لە باشوور بخوێنن، بنێرن بۆ کۆنسوولگەریی ئێران تا لەوێ پشتگیری بکرێن و دۆسییەکەیان لەوێ بۆ تەرجەمە بکرێتەوە سەر کوردی، جا وەریانبگرن، دوایی نازانم چۆناوچۆن عەقڵیان بەمە شکا کە ئەم کارەیان کارەسات دەخولقێنێ و بۆ ئەوەی حەیای خۆیان نەبەن، هاتن گوتیان: سایتێک (www.mohe-cao.com) دادەنێین بۆ ئەوەی خەڵکی زەحمەتی هاتن بە خۆیان نەدەن و هەر لە رێگای ئەو سایتەوە، لە ئینترنێتدا ناونووسی بکەن و دواتر پێیان رادەگەیەنین کە قەبووڵ بوون یان نا. بەڵام بەداخەوە سایت چ سایتێک؟! هەر وەک دەبینن، سایتێکی بە ڕواڵەت سایت و خەڵک لە کۆڵ خۆکەرەوەیان داناوە. ئەگەر بچنە ناو سایتەکە، بۆتان دەر دەکەوێ، لەو بەناوسایتەدا، هیچ روونکردنەوەیەک و هیچ رێنوێنییەکی ئەوتۆی تێدا نییە کە خەڵکی پارچەکانی دیکە بتوانن بە شێوەیەکی درووست و بە ئاسانی فۆڕمی وەرگرتنەکەیان پڕ بکەنەوە. هەموومان باش دەزانین بۆ خوێندن لە زانکۆ بەر لە هەمووشتێک پێویستە کەسان لەسەر لق یان بەشێک خۆیان ساغ بکەنەوە و دوایە فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە، کەچی بەداخەوە هیچ شتێک لەو سایتە دا نییە تا نیشان بدات لە کۆڵێژەکانی هەرێمی کوردستان چ دەرس گەلێک دەخوێندرێت! تازە ئەوە لەوانەیە بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ئەستەم نەبێت و بتوانن بە پێی ئەوەی هەم لەو رێنووسەی پێیان خوێندووە لە باشوور نزیکن و هەم لە زاراوەدا هاوبەشن، بەڵام کوردەکانی باکوور و رۆژئاوا دەبێ بە چ دەردیسەرییەک لەو سایتە سەقەتە حاڵی بن و فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە، لێرەدایە کە ئەو قسەیەمان وەبیر دێتەوە کە دەڵێن:"ڕێک بتانگوتبایە کورد سوار ناکەین" و ئیتر ئەو سەرێشەیەشتان لەکۆڵ خۆتان کردبایەتەوە!

لەهەمووی سەرنج راکێشتری ئەم ناو نووسی کردنانە ئەوەیە کە "قەبووڵ مەرکەزی" ئەو سایتەی داناوە و "بەڕێوەبەرایەتی ئەزموونەکانیش" ئەرکی وەرگرتنی قوتابیانی وەئەستۆ گرتووە، کەچی لەنێوان ئەم دوو ناوەندەشدا ناکۆکیی نا عەقڵانی هەیە، بەم شێوەیە کە قەبووڵ مەرکەزی دەڵێت: ئەوکەسانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەزموونەکان ناونووسی دەکەن، کارەکەیان لەخۆڕاییە و ناونووسی کردنەکانیان لێ قەبووڵ ناکرێت! لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەزموونەکانیشدا دەڵێن شتی وا لەگۆڕێدانییە و ئەو قسەیە راست نییە!

ئەوەی لێرەدا جێگەی ئاماژە پێ کردنە، ئەوەیە کە ئەم ناکۆکیانە لە کێشەی حیزبییەکانەوە سەرچاوە دەگرێ و لە ڕاستی دا ئەم خەڵکە بێچارەیە خەریکن لەسەر کێشەی یەکێتی بوون و پارتی بوون تێدا دەچن و چارەنووسیان دەدەنە دەست بادی هەواوە.

ئێستاش کە نزیک بە سێ ساڵە لەوەتی کونسوولگەری ئێران لە باشوور چالاکە یەک کەسیان بۆ کۆلێژەکانی هەرێم وەرنەگرتووە و حەزیش ناکەن کەس بۆ دامەزراندن و خوێندن لە ئێران را بەرەو باشوور بێت.

، لەبەر زۆریی نابەرپرسیارێتییەکانی ناو دەسەڵاتی هەرێم و زۆریی ئەو مەسەلانەی کە دەبوایە لەسەری بدوابایەین، نەدەکرا لەوە رێک و پێکتر بنووسرێ و ناچار بووم هەرجارە و لە هەورازێک هەڵگەڕێم و خۆم بە نشێوێک دادەم.

ئەگەر ئاماژەیەکی کورت و خێرام بە هەندێک کەمتەرخەمیی دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان کردبێ ئاوا وتارەکە بەرەو کۆتایی دەبەم:

ـ ئەوکەسانەی وەک کرێکار دێنە باشوور هیچ ئەمنییەتێکی کارییان نییە و باشوورییەکان هەرکات پێیان خۆش بێت لەسەر کارەکانیان دەریان دەکەن و دەسەڵاتیش گوێی خۆی لێ دەخەوێنێت. تەنانەت لەم دووسێ ساڵەی دوایی کۆمەڵێک کرێکاری کوردی ئێران بەهۆی ناتەندرووستی شوێنی کارەکەیان وەبن دیوار کەوتن و مردن و کۆمەڵێکی دیکەش لە بەرزاییەکانی بیناکان بەربوونەوە و مردن بەڵام چوونکە بیمە نەبوون نە خۆیان نە بنەماڵەکانیان هیچیان پێ نەبڕا و مردووەکان گیانیان بە فیرۆر چوو و زیندووە سەقەتەکانیش بە سەقەتی گەڕانەوە.

ـ هاتنی غەیری کورد بۆ باشوور لە هاتنی کورد زۆر ئاسانترە و ئەو رێز و (بێگانە پەرەستی) حورمەتەی لە تورک و فارس و عەربەکان دەگیرێ، قەت کوردەکان بە خەونیش نایبینن. بۆ نموونە لەو کۆلێژەی ئێمە 50 لە سەدی مامۆستاکان عەرەبن و حەقدەستیان سێ تا چوار بەرابەرە و تەنانەت سەرۆکی بەشەکانن و بە حەزی دڵی خۆیان دەرەجە بە قوتابی دەدەن و زۆر بەشیان هیچ مستەوایەکیان نییە و کەس نازانێ شەهادەیان لە کوێ وەرگرتووە.

ـ کۆمەڵێک کەس لەگەڕاوەکان واتە کوردە پێشتر ئاوارە بووەکانی باشوور لە ئێران خەریکی بڵاوکردنەوەی کولتووری فارسن و هەمووشتێکی کورد بە قێزەون دەبینن و تەنانەت پێیان شەرمە کە بە کوردی قسەش بکەن، ئەوان گەڕاونەتەوە و شارگەلێکی وەک دیانا و مەسیفیان کردۆتە ئێرانێکی بچووک و حکوومەتیش بۆ ئەم کارەساتە هیچ بەرپرسیارێتییەکی نەگرتۆتە ئەستۆ و تەنانەت بواری زیاتریشیان لەلایەن حکوومەتەوە بۆ دەڕەخسێت تا هەموو شانازییەکانی کورد بخەنە ژێر پرسیارەوە.

ـ حکوومەتی هەرێم نەک بۆ خەڵکەکەی خۆی هیچ هەنگاوێکی بۆ داخوازییە ناسیۆنالیستییەکانی کوردەکانی خۆی و کوردەکانی پارچەکانی دیکە نەهاویشتووە، بەو بێ منەتیانەیان خەڵکانی کورد و کورد پەروەری پارچەکانی دیکەشیان وا لێ کردووە کە لە کورد بوونی خۆیان پەشیمان ببنەوە.

ـ مەسەلەی ئاسایش و ئیقامەش یەکێکی دیکە لە کێشەکانی کوردەکانی پەنابەری باشوورە، لە ئاسایش و ئیقامە خەڵک زۆر عەزیەت دەکەن و زۆر بە ناشیرنی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکەن و هەر شەش مانگ جارێک دەبێ بچی ئیقامەکەت نوێ بکەیەوە و فەحسی خوێن بدەی و هەزار و یەک کون و کەلێن بکەی و لە هەر جێیەکیش پارەیەک بە رۆتینیات بدەی و لە کۆتایی دا ناچار بی بیر لە گەڕانەوە بۆ ئێران بکەی و گیانی خۆت بخەیە مەترسییەوە. زۆرن ئەو کەسانەی کە پێشمەرگەی ئۆپۆزیسۆنەکانی کوردستان بوون و لەبەر بارودۆخی قورسی ژیانیان خۆیان تەحویلی کۆماری ئیسلامی داوەتەوە و ئێستاش کە ئێستایە لە زیندانەکانی ئێران دا ماونەتەوە و ئازاد نەبوون.

وتەی کۆتایی: تکایە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخوازراوانە تووشی ئەم کێشانە بووە، یان بیری لە خەسارەکانی ئەم هەڵسووکەوتانەی خۆی نەکردۆتەوە با جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەکانی دا بکات و ئەگەر کەسانێکی دڵسۆز و کوردی بەڕاستی کورد لە باشووری کوردستان هەن و ئەم راستیانەیان نەزانیوە، ئاگادار بن و بەچاوێکی کراوە و بە نفووزی خۆیان، هەریەکەو بە قەرا توانای خۆی، پێش بەم سەرە رۆیی و نابەرپرسیارێتیانە بگرێ کەوا هاتۆتەکایەوە و نەهێڵن لەوە زیاتر هەندێک کەس ـ کە لەوانەیە بە بێ ویستی راستەقینەی دەسەڵات لە ناو داودەزگاکاندا کار بۆ بێگانە دەکەن ـ بدۆزنەوە و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن. ئەگەر جیا لەوەبێت دەبێ هەموومان دەست لە کورد بوونی خۆمان بشۆینەوە و چاوەڕوانی فەشەل بوونی یەکجارەکیی نەتەوەکەمان بین کە لەسایەی ئەم نابەرپرسییارێتیانەی کە زۆریان ئامانجدارانە و شاراوەشن هاتۆتە کایەوە و وەک پەتا کەوتۆتە گیانمانەوە و خەریکە وردە وردە سەر لە هەموومان دەشێوێنێت و نائومێدمان دەکات.


دەنەم دەدەی دەدەن دەدادەدەن دەنەم

پاشكۆی پشوو قلی 27 ەم

وەرگێڕانی شێعرێكی "سەی حەلی ساڵەی" بەكەیفی خۆم

 

سەركۆمارەكانی دنیا گشتیان هەژارن

دەردەدارن، كەلاكن

درۆزنیشن، هەندێ جار،

زۆرجار،

زۆرجاریش كەمە، بابڵێین: بەجارێ.

پیشەیەكی پیسە.

 

لە چ بێ سەرووبەرستانێكی سەمەرەدا لەدایك بووین؟!

پێویستیی قێزەونی مرۆڤ بە هیوا

رێك رێزە خەستە بێ شەرەفەكەیە بۆ ژیان.

 

وشە بەرێزە

هەر ئەو وشە رووتە بچووكۆلانەی

جاروبار لەبیر دەكەین كە

بەچ قوونەوەدڕییەك واتامان بۆ دۆزیونەتەوە.

 

قوڕ بە سەر كۆ مارەكانی دنیا!


***


همه‌ی رئيس‌جمهورهای جهان فقيرند
غمگين‌اند، خسته‌اند
دروغ هم می‌گويند، گاهی، خيلی، زياد
گاهی خيلی زياد،
به خيلی از هر از گاهِ بی زياد هم نمی‌رسند،
شغلِ آبرومندی نيست.


در چه بی در کجایِ عجيبی به دنيا آمده‌ايم
نيازِ نفرت‌انگيزِ آدمی به اميد
همان احترامِ عميق
به نوميدیِ بی‌ناموسِ روزگارِ ماست.


کلمه خوب است
همين کلماتِ ساده‌ی کوچکی
که گاه يادمان می‌رود
برای هر حرفِ زيرِ پا مانده‌ی بی‌شکايت‌اش
چه مشکلاتِ مزخرفِ بی‌منظوری کشيده‌ايم.


بيچاره رئيس جمهورِ جابُلْسا!

***

دەنەم دەدەی دەدەن دەدادەدەن دەنەم

پەڕی 103یەم

كوورەخانە


لەمێژە

وركەنان فرۆشەكان

بێرەدا نایەن

بۆ نانی ویشكیش دەست دەكەوێ،

بیدەین بەسەگ؟!

تف لە ئێستام،

لە گەورەییم!

لەبیرمە،

ئەو رۆژانەی باوكم،

دەست لەگونان درێژتر دەگەڕایەوە ماڵێ،

لەبەرخۆیەوە دەیگوت:

هەمووشتێك.. هەمووشتێك گران بووە!

قەند، چایی، نان، قوزەڵقۆرت، چی بكەم،

لێی بەم...!

هەمووشتێك!

ئەوساڵیش دەچینە كوورەخانە،

هەر ئەوساڵ،

ئیدی ناچین!

منیش هەمووشەوێك لەبەر خۆمەوە،

جنێوم بەو ریش كلكەكەرە دەدا و بەخۆم دەگوت:

ئەوساڵیش هیچ،

بەڵام،

كە گەورە بووم،

دەستەكانم گەورە دەبن،

پێنج قالبی هەڵدەگرم،

جووت چوونە تێدەكەم،

رۆژی پێنج هەزار خشت دەبڕم،

لە بێریوانیش توندتر هەڵدێم،

دوو رەگی دێنم،

قوڕش بۆ بابم دەردێنم،

خشتەكانیش كۆ دەكەمەوە،

خۆڵ دادەبێژم،

خۆڵەمێشیش دێنم،

بە دایكم دەڵێم:

 بڕۆوە!

بە خوشكەكانم دەڵێم:

ئەو قوڕەی ماوە بۆمن، ئێوە بەسسە!

جومعانەش ،

پاستاو رادەخەم، قوڕ دەردێنم، مەیدان دەماڵم،

بەدرۆ دەڵێم رقم لە گۆشتە،

بەشەكەی من بۆ ئێوە،

نان و بایجان خۆشە!

قاوەڵتوون دەست هەڵناگرم،

بە قەستی دەڵێم:

ماندوو نەبووم، برسیم نییە، چایی ناخۆم،

پێم خۆش نییە!

ئەگەر لە ماندوویەتییان هەڵكەوتم

جنێو بە عەرزی دەدەم:

هەی دەتگێم، لاقم لەو بەردەهاڵا!

ناهێڵم نەخۆش كەوم،

نەخۆشیش كەوتم باوەڕ بەخۆم ناكەم،

بەخۆم دەڵێم:

درۆدەكەی!

خۆ لەكار دەدزییەوە؟!

بەیانی سەعات سێ هەڵدەستم،

شەوێ سەعات دە دەچمەوە!

لێدانێكی چاك لەو ئەربابە سەگبابە دەدەم،

لێی لە بەهانەم،

بابی دەگێم!

بۆ دەهێڵم بێتە مەیدان،

چاو لە قوونی خوشكەكانم بكات؟!

دایكی دەگێم!

با پاییز بێتەوە،

با پووڵەكەمان وەربگرین،

چەخسێكی چاكی تێ هەڵدەدەم!

تۆڵەی لێ دەكەمەوە

بابی دەگێم،

بەتەنیا،

بەتاقی تەنیا،

با گەورەبم!!!

 

بیرۆكەی ئەم هۆنراوەیەم لە شێعرێكی "سەی حەلی ساڵەی" وەرگرتووە

***

 

دەنەم دەدەی دەدەن دەدادەدەن دەنەم

پاشكۆی پشوو قلی 26 ەم

وەرگێڕانی پاچە شێعرێكی "سەی حەلی ساڵەی" بەكەیفی خۆم


ماندوویان كردووم
ئیتر ئەوەی لە كەس ناپرسم:
ئەوەی ئەو هەموو ماندوویەتییە
ئەوەی ئەو هەموو لەش فرۆشییە
ئەوەی ئەو هەموو بێ هیواییە
ئەوەی ئەو ...
ئەوەی ئەو ... نایكەم!
***
خسته ام کرده اند
دیگر از هیچ کس نخواهم پرسید :
این که این همه خسته
این که این همه تن فروش
این که این همه ناامید
این که . . .
این که . . . قرار ما نبود !

( سید علی صالحی )

***

دەنەم دەدەی دەدەن دەدادەدەن دەنەم

پەڕی 102ەم

ساڵ بوو
ساڵێك.
ئامێز
شاخ بوو.
رێگا
... .
ئاسمان بوو
باران.
سپی بوو

رەشێك.

***

دەنەم دەدەی دەدەن دەدادەدەن دەنەم

پاشكۆی پشوو قلی 25 ەم

ئەم شێعرە گڵاوە

 

ئاشی بێ ئاو ئاخی دەوێ

بتی بێ بن كاخی دەوێ

قژی بژبژ بسكی دەوێ

بای بەگڤە بڤەی دەوێ

لەشی بێ بەز گازی دەوێ

بوونی بێ بڕ بەسی دەوێ

بس بۆ پێوان پلی دەوێ

بەق لە بەگی كەر لەبەری

بم بەنە بەر كەر لەوەڕی

بۆ بەی بەشی من ناكڕی

بەو بەم و بەر باب نۆكەری

باجی باخت باری كەرێ

شووتی نەبێ دەچێ دەرێ

باڕی بازت باسی باشە

دەڵێن شەراب شووتی خۆشە

باڵ نەگری بان بفڕی

باو نەبڕی شەڕ بكڕی

چرا چەنێ پت پت بكا

ئاخر یەكێ پفی ئەكا

پخ لە پشیلەی سپڵەكە

پشیی بكە و فتی بكە

قاپێ لە پل پڕی بكە

بانگی بكە و راوی بكە

پۆپە لاری بەپێی پەتی

دێت و دەڕوا تێی نەكوتی

هێلكە دەكا هەر وەك تووتی!

پەتی نەكەی خۆ سەگ نییە

پەح لە ئەتۆ ئەوە چییە؟!

ئا ئا ئم ئم پەخت كردۆ

ئەز دەبێژم مۆزت كردۆ

تووك و پەڕی ئەوت كردۆ!

دە ئەك ماڵتە پەكت بردۆ!

پەق لە پەلی پەن پێ دراو!

پەی چەن ئێژی جا بە دراو؟!

پارە لە پای پار پاز ئەدا

كاكە بۆخۆت، دامدا هەدا

پۆپە لارە خۆ قاز نییە

هێلكە دەكا قەیدی چییە؟!

هەروەك گوتم خۆ قاز نییە!

پاچێ بێنە چاڵێ كەنە

پاشی ئەمن، هێلكە چەنە؟

پاكی پاڵم پێوە دەنێین

گۆڕە كاكە، دەپاڵ مەنێن!

تێ دەكەوم دەر ناكەوم

مەشهوور نابم، زڕە كەوم؟!

پام پان بۆوە پای شەرەفتان

پاڵم مەدەن خوا قەزاتان

دە تا تڕ و فسم ماوە

ناهێڵم بمخەنە دواوە

ئەمە باسی تف تۆڕدانە

ئەوە كێیە لە سەربانە؟!

تەح ماڵتە تۆ تووت تكاوە!

ئەمە كەی شێعرە، گڵاوە؟!

تاسێ بۆ بەختت هەڵ هاوە

جووت شەشیش نەبێ حیساوە

مانای ئەم شێعرە تەواوە

"تاڵ" ی بەبەژنت بڕاوە!

***