پەڕی 103یەم

كوورەخانە


لەمێژە

وركەنان فرۆشەكان

بێرەدا نایەن

بۆ نانی ویشكیش دەست دەكەوێ،

بیدەین بەسەگ؟!

تف لە ئێستام،

لە گەورەییم!

لەبیرمە،

ئەو رۆژانەی باوكم،

دەست لەگونان درێژتر دەگەڕایەوە ماڵێ،

لەبەرخۆیەوە دەیگوت:

هەمووشتێك.. هەمووشتێك گران بووە!

قەند، چایی، نان، قوزەڵقۆرت، چی بكەم،

لێی بەم...!

هەمووشتێك!

ئەوساڵیش دەچینە كوورەخانە،

هەر ئەوساڵ،

ئیدی ناچین!

منیش هەمووشەوێك لەبەر خۆمەوە،

جنێوم بەو ریش كلكەكەرە دەدا و بەخۆم دەگوت:

ئەوساڵیش هیچ،

بەڵام،

كە گەورە بووم،

دەستەكانم گەورە دەبن،

پێنج قالبی هەڵدەگرم،

جووت چوونە تێدەكەم،

رۆژی پێنج هەزار خشت دەبڕم،

لە بێریوانیش توندتر هەڵدێم،

دوو رەگی دێنم،

قوڕش بۆ بابم دەردێنم،

خشتەكانیش كۆ دەكەمەوە،

خۆڵ دادەبێژم،

خۆڵەمێشیش دێنم،

بە دایكم دەڵێم:

 بڕۆوە!

بە خوشكەكانم دەڵێم:

ئەو قوڕەی ماوە بۆمن، ئێوە بەسسە!

جومعانەش ،

پاستاو رادەخەم، قوڕ دەردێنم، مەیدان دەماڵم،

بەدرۆ دەڵێم رقم لە گۆشتە،

بەشەكەی من بۆ ئێوە،

نان و بایجان خۆشە!

قاوەڵتوون دەست هەڵناگرم،

بە قەستی دەڵێم:

ماندوو نەبووم، برسیم نییە، چایی ناخۆم،

پێم خۆش نییە!

ئەگەر لە ماندوویەتییان هەڵكەوتم

جنێو بە عەرزی دەدەم:

هەی دەتگێم، لاقم لەو بەردەهاڵا!

ناهێڵم نەخۆش كەوم،

نەخۆشیش كەوتم باوەڕ بەخۆم ناكەم،

بەخۆم دەڵێم:

درۆدەكەی!

خۆ لەكار دەدزییەوە؟!

بەیانی سەعات سێ هەڵدەستم،

شەوێ سەعات دە دەچمەوە!

لێدانێكی چاك لەو ئەربابە سەگبابە دەدەم،

لێی لە بەهانەم،

بابی دەگێم!

بۆ دەهێڵم بێتە مەیدان،

چاو لە قوونی خوشكەكانم بكات؟!

دایكی دەگێم!

با پاییز بێتەوە،

با پووڵەكەمان وەربگرین،

چەخسێكی چاكی تێ هەڵدەدەم!

تۆڵەی لێ دەكەمەوە

بابی دەگێم،

بەتەنیا،

بەتاقی تەنیا،

با گەورەبم!!!

 

بیرۆكەی ئەم هۆنراوەیەم لە شێعرێكی "سەی حەلی ساڵەی" وەرگرتووە

***