پەڕی 373 هەم

ئەم شاعیرە

 

ئەم شاعیرە دوو یا

سێ رۆژی تەواو خواردییەوە و

چووە سەر سەکۆی شانۆ و

سەیرێکی ئامادەبوانی کرد و

زوو زانی دەبێ چی بکات.

 

لەسەر سەکۆ پیانۆیەکی گەورە داندرابوو،

بەرەولای چوو،

سەرەکەی هەڵداوە و

تێیدا رشاوە.

 

دواتر سەرەکەی ناوە و

شێعرەکانی خوێندەوە.

 

ناچار تەلەکانی پیانۆکەیان دەرهێنا و

نێوەکەیان خاوێن کردەوە و

لەسەڕا تەلەکانیان دامەزراندەوە.

 

من دەزانم بۆچی ئیتر ئەویان

بۆ شێعر خوێندنەوە بانگهێشت نەکردەوە.

 

بەڵام ئەوەی کە

زانکۆکانی تر ئاگادار بکرێنەوە کە

ئەو شاعیرێکە کە

حەزدەکات

بەسەر پیانۆدا بڕشێتەوە

ئیدی ئەوە

زۆر بێ ویژدانییە.

 

ئەوان هیچ کات

بە نرخی شێعر خوێندنەوەکانی ئەویان

نەزانی.

 

من ئەو شاعیرە دەناسم،

ئەویش هەروەک ئێمەیە،

وەکوو گشتمان.

 

ئەو بۆ پووڵ و پارە

لە هەموو جێیەک دەرشێتەوە!

***

چارڵز بۆکۆفسکی

***

و: ن.ف

***