بێكاری لە بێداری داری رۆحی بەكاری
پەڕی 270 هەم
چوونكە بێكارم
زۆر هەستیارم
كەس ناوێرێ هیچ بڵێ،
یەكسەر بەخۆمی دەگرم..
لەوانەشە هەر بەڕاست لەگەڵ خۆمیان بێ!
***
گەر سەری ساڵی تازە بوو و
تاكسیت راگرت و
لەگەڵ هاوڕێكەت گەڕایەوە و
ئەو پارەی تاكسییەكەی دا
شتێكی دیكە بخەسەر
ئەو پارەیەی بۆت گەڕاوەتەوە و
مریشكێكی چاكی پێ بكڕە و
سووری كەوە و
هەمووی بە خاڵی بخۆ
ئاهت دەشكێ!
***
هەموو ئەو شتانەی پێت وایە،
پێویستیت پێیانە و دەیانكڕی:
زیادین!
هەموو ئەو شتانە پێشتریش هەبوون،
بەڵام:
پێویستت نەبوون!
***
ژیرێتیی پشت ئەو رستەیەی دەینووسی
لە بەراورد لەگەڵ
ژیرێتیی خۆ رازی كردن لەسەر ئەوەی دواجار چی بنووسی
هیچ نییە!
***
بەردەوام بە خۆم دەڵێم:
پەلە مەكە!
جارێ بڕیار مەدە!
جارێی بۆ چییە.. هەر بڕیار مەدە!
بۆ بڕیار دەدەی؟!
بۆ تۆ كێی؟!
ها؟!
بۆ تۆ چی؟!
ها؟!
***
زۆرن ئەو هاوسەرانەی
لە رەوتی ژیانیان
گەورەیی خۆیان
لە ئاست یەكتری لەبار دەبەن
لەبار بردن هونەر نییە
گەر لێی گەڕێی و گەورەی كەی
گەورە دەبێ!
***
هەر قسەیەك لە جێی خۆی بكرێ بەجێیە
تەنانەت قسەی بێ جێش!
***
هیچ شتێك لە نادیارەوە
بۆ سەر ئێمە دانابەزێ
ئەوەی ئێمە
دەیكەین و
دەیڵێین
دیاری دیارە بۆ دیار لەم دیارە!
***
ئەزموون و
خەتا!
***
من لەگەڵ كەس كێشەم نییە
لەگەڵ كەس كێشەم نییە
كەس كێشەم نییە
كێشەم نییە
نییە!
***
هێندە مرۆڤ مرۆڤ مەكە
مرۆڤ خۆی چی و
فشە فشی؟!
***
هەمووشتێك فشەیە
هونەر نەبێ!
***
هونەرمەندان وەك
رۆشنبیران و
رۆشنبیرانیش وەك
سەگەلی یانی گر
مافی ئەوەیان هەیە قولاپەی هەمووشتێك بگرن!
***
هەم تەواو كۆكم
هەم تەواو ناكۆك
لەگەڵ هەر كۆك و ناكۆكێكی ئەم سەر زەوینە!
***
كوڕەبووزی ئەبلەه!
لەمێژ بوو جنێوی ئاوام نەدابوو!
***
ئاگاداری
ئاگاداری
رایدەگەیەنم:
لەمە بەدواوە
ئەمن هونەرمەندم
هەرچی بیكەم
كارێكی ناوازەی هونەرییە و
هەرچی بیڵێم
تێكستێكی بێ وێنەی مێژوویە
دیارە بەو مەرجەی
بەو چاوەی دەیڵێم لێیان بڕوانن!
***
ئەو خۆڕاگریانەی
بەیانیان من بۆ چاوەڕوانیی
هاتنی پاس
لە خۆمی نیشان دەدەم،
دەیگێم
ئەبەر مەردەكەی نیچەش
ناتوانێ لە خۆی نیشانی بدات!
***
من لە داهاتوودا
پێم وایە دەبم بە كەسێكی گەورە
بەڵام
من لە ئێستادا
پێم وا نییە بەڵكوو دڵنیام كە
كەسێكی گەورەم!
***
كەس ئێستا ناوبانگ و گەورەیی من نابینێ
چوونكە ئێستا هەمووكەس وەك خۆم گەورە و بەناوبانگە
هیوادارم لە داهاتووشدا ئەو گەورەیی و ناوبانگە بپارێزم
چوونكە كەمن ئەو كەسانەی ئەوەیان پێ بگرێت!
***
لە ژیان ئەوەندە دەزانن
بەیانی هەستن
شەوێ بخەونەوە!
***
بیباری دۆڵمە
گێزەر
میوە
پەتاتە و تەماتە و پیواز و هێلكە و
توو و دۆ و نان!
***
كە لەبەر چاوی خۆم
باس و پێناسەی منت بۆ كەسێكی دیكە كرد و
بینیت من بزەم دێتێ و پێ دەكەنم
وا مەزانە بەقەسەكانت شاگەشكە بووم و
لە خۆشییان خدیلكەم دێت
نا..
وا بزانە خەریكم بە خۆم پێ دەكەنم كە
چەندە كەم و كورت و ساكارم وا
بە مرۆڤێكی وەك خۆم
زۆر بە هاسانی پێناسە دەكرێم!
***
كە من مردم
كەس بۆی نییە بڵێ:
كە من چی بووم
كە من چۆن بووم!
كە من وا بووم
كەمن وا چووم!
كە من خاس بووم یان خراو بووم!
گوتەكانی پاش مردنم
لە ئێستاوە
زۆر بە توندی وەدرۆ خراوە!
***
كە من مردم.. ئەوە شێعر نییە
قسەی قۆڕیش نییە.. زۆر جددیە!
كە من مردم.. نەڵێن: خۆ نازانێ
خۆی چووزانێ.. وەكوو خەڵكی وەشارنەوە!
كە من مردم.. ئاهم بتانگرێ ئەگەر:
بەڕووتی
لەسەر پشتم رانەكێشن و
دەستەكانم لەسەر زگم دانەنێن و
سەر و بنم تا قووم دەبێ نەكەن بە خوێ!
***
ئەگەر پێش من كەسێكی دیكەش
رێك باسی ئەو بابەتەی كردبوو كەوا
ئێستا منیش بەتەمام باسی بیكەم
ئیتر وەك كەری دێز پێ نەچەقێنن و
بڵێن: هەر قسەی ئەو تەواوە!
تەواو نییە،
گووی خوارد!
منیش گووم خوارد بۆ پاش خۆم!
***
رێكەوت زۆر گرنگە
گەر رێت كەوت رێت دەكەوێ
مەبەستم لە رێكەوت ئەو شتە نییە كە
رۆژ و مانگ و ساڵی پێ دیاری دەكرێت
مەبەستم شتێكی وەك هەڵكەوتە
شتێكی وەك دەرفەت
شتێكی وەك بەخت
شتێكی كوتووپڕ
وەك خۆم
وەك تۆ!
***