پەڕی 121 هەم

نالە

سێبەری سەماوەرەكە كەوتبووە سەر سەری گامێشەكە، دیارە گامیش لە چاوی رێزانەوە. دوو هێلكە قازی لەناو قاپێكی روحی خێچ و خواردا وەسەر نابوو، قوڵتە قوڵت خەریك بوو دەكوڵان‌،  هێڵەگەكەی تەكاند و سەری بەرەو ئاسمان بەرزكردەوە، مانگە شەو بوو، مێوژێكی لە زاری خست و مێشوولەیەكی بەلاڕوومەتییەوە كوشت.

ـ ئاهـ ! ناله! نالەبۆقە ؟! رۆژ نەبێتەوە!؟

لە حەژمەت عارەقە ملوانكە گوێچكە ماسییەكەی ‌ لە ملی كردەوە و بە بێزارییەوە فڕێدایە سەر پێخەفە نەگبەتییەكەی. دەلینگەكانی پاتۆڵەكەی هەڵكرد، چاوی بە زەدەیەكی كۆن كەوت، خەیاڵی رۆیشت، كڕێوەبارانێكی دووری بیركەوتەوە، دوور تا دەگەیشتەوە هەڕەتی تەڕی و لەباریی، شەو بوو،‌ بە ئەسپایی لە چەپەرە تێك قرماوەكەی تەنیشت تەویلەكەیان دەچووە دەرێ، قولاپەی پێی له ‌چیلكەیەكی‌‌ ناقۆڵا كە وەك نەقیزە لە چەپەرەكە هاتبووە دەرێ، ‌گیرا و، ئەم زەدەیەی بۆ كرد بە دیاری. لەگەڵ چوونە دەرەوە دەستی دایە كۆڵەوەژەكەی بەر دەركەی مدبەق‌ و بە بزە و تریقانەوەیەكی گورچووبڕ، دەگای چەپەریی داخست و خۆی خستە ئامێزی كڕێوەوە و بەفراو بەفر هەڵات، هەر جێپێیە و چەند دڵۆپە خوێنێكی لەگەڵ جێ دەما، دەتگوت شەوی زاوایەتیی تاریكییە كەوا پەردەی بست بە بستی رووناكی دەدڕێنێ و جێی دێڵێ. لەگەڵ جێهێشتنی هەر شوێن پێیەكی، سەدان تاسە لیكاوی دەمكوت كراو و، هەزاران حەزی بەتینی تەڕەكچێنیی خۆی جێ دەهێشت.

یەكێك لەسەربان خەریك بوو باگردێنی لێ دەدا، لەبەر هورووژمی با و بۆران نەیتوانی جوان سەری هەڵێنێ و بزانێ كێیە، ئەوەندە نەبێ دەیزانی ماڵە‌ دارقەیسییە بەرزەكەیە، ئەو ماڵەی‌‌ پێیان دەگوتن بۆقە!

پشتوێنەكەی كردەوە و لە عەیبەت گەرما لەپشتی داماڵی و ئەویشی فڕیدایە سەر پێخەفە بۆدڕنەكەی! چەقە دووكەڵ و گەرمای تەندوورەكە‌ ئەوەندە زۆر ببوو، كەڵ لە مدبەقەكەدا نەدەژیا‌، دەستی بۆ گیرفانی برد و لەتكە‌ ئاوێنەیەكی هێنایە دەرێ و لەبەر گڕ و بڵێسەی جار بەجاری تەندوورەكە سەیرێكی دەم و چاوی كرد و خستییەوە گیرفانی،‌ لەگەڵ دەست هێنانەدەرەوە شتێك بەدەستییەوەهات، جەرگ و دڵی داوەشاند، هەر ئەوەندەی زانی گوتی: وەی و، تۆڕیدایە تەندوورەكەوە! دەسحێب بوو، ئەم دەسحێبەش هەروەك ملوانكە گوێماسییەكە و پشتوێنە كودەرییەكە دیاریی خۆش شیرنكردنی ئەو گامێشە بوون. دیارە بەكار هێنانی وشەی گامێش لەم گێڕانەوەیەدا لە زمانی رێزانەوەیە، دەنا من كێم كە رێگە بەخۆم بدەم بەخەڵك بڵێم گامێش؟!.

ـ ئاه! ئۆوەی! دەسحێبەكە! دەسحێبكە بوو! تف! ئەو هۆشەی! كچێ دەی! چاوی دەرێ! تازە بۆچیمە! دیاریی چی و بەوەمی چی!؟ دەبسووتێ دەی! بەزیادم نەكردی! ئەئـ بەوەم!!!

دووپشكێك لە خوار پێمەڕەكە را دەهاتە واوە. گەڕایەوە سەر خەیاڵەكەی و، بەفراو بەفر، دوور كەوتەوە. گەیشتنە یەك، كۆڵەوەژەكەی لە دەستی بەربۆوە، بێ قسە وەك تیری شەوی نەبەدی خۆی خستە كەوانی باوەشیی و، وەك بووكە بەفرینەی نەدی بدی، بەتینی لەشێكی بۆدڕن لە نێو قەڵاغە بۆری پشت ماڵان دەستی كرد بە توانەوە.  وەختێ وەخۆ هاتەوە و خۆی لە تەڕاییەكی ساردەوەبووی خۆی و لە ئامێزی قەڵافەتێكی گامێشانەی نامۆ دا دیتەوە، لەپڕ لە كەوان دەرچوو و جا چوونكە بەرچاویشی روون ببۆوە بە حەپەسانەوە سەیرێكی دەورووبەری خۆی كرد و تفێكی قوت داو:

ـ ها!؟ نا!!! ئەوە تۆ؟! ئەوە من!؟ ئەوە! ئەوە داسە؟! خوێن؟! خوێناوییە؟! ئەوە چییە؟! ئەوە! كەلاك!؟ كەلاكە؟! كوشتت؟! كوشتت؟! كوشتووتە؟! مردووە؟! ها؟! مردووە؟!

ـ هەستە! هەستە كچێ؟! نەكەی! نەكەی! تازە حەڵاڵی خۆمی! جا ئەوجار بە قوربانیشم نەبی بەقورانی داسێكت دەكەم، هەی...

نالە باگردێنەكەی لە دەست بەربۆوە و لە ترسی گیانی، تا ئەوڕۆ، یانی ئەوڕۆژەی بوو بەو پیاوی حازری، تەنانەت لای خۆشی باسی ئەو شەوەی نەكردبوو، دیارە تازە درێنگیش ببوو، 30 ساڵی بەسەر دا تێ پەڕیبوو، ئەو كات ئەو 10ساڵی بوو، رێزانیش هەر ئاوا 15 ساڵێك دەبوو و نەدەبوو.

خرتەیەك لەبن مەڵەغانەكە هات.

ـ ئەوە چییە؟ گووبەمشك! جەرگ و دڵم نەما!

قومێكی ئاو خواردەوە و مێوژێكی دیكەی خستە زارییەوە.

ـ ئەو هەویرە هیچە كەی هەڵدێ؟! ئاهـ! بێتاقەت بووم!  ئەو هەتیوە گولە بۆ نەهات؟! باشە ئێستا من چی بكەم؟ ئەگەر هاتوووو...!

بایەكی فێنك لەنێو سەر و بسكی تێپەڕ بوو، ئێستا ئیتر كۆلكەكان هەموویان بوونەتە پۆلوو، تەندوورەكە خۆش بووە، بابەتی ئەوەیە پێوەی دەی! كۆڵەوەژێكی دیكەی تێوەژاندن و بە نووكی كۆڵەوەژەكە، لەسەر دیوارە قوڕەسواخەكەی بەرامبەری گێڕاوگێر نووسی: نالە! هەر بایی ئەوەندەشی سەواد هەبوو ئەویش پەموو فێری كردبوو.

حەجمینی لێ هەڵگیرابوو، زوو زوو لە دڵی خۆیدا دەیگوت: نالە قەیسی، نالە قرژاڵ، نالە قالۆنچە! نالە بوقە! نالە گولە، نالە پیسكە، نالە...

بە پێخواسی دەرپەڕییە بەر دەرگا و چاوێكی بە عاسماندا خشاند وەك بڵێی قەرارە نالە لە عاسمانەوە بێ. لە دەموچاوی مانگ خورد بۆوە، بۆ پیوازێكی ناخۆشی بۆهات، بۆ تسی ئەو گامێشە بوو، كاكە ببوورن لەبیرتان نەچێ رێزان پێی دەڵێ گامیش دەنا بەمن چی! وای خەو لێ كەوتبوو بە كوتكیش خەبەری نەدەبۆوە! هەرچی پووش و پەڵاشی ئەو دۆڵە بوو خستبوویە بەر دەم و لووتی بۆوەی خەوی لێ ببێتە زەهری مار!

ـ بەڕاستی تا دەمرم قەرزاربارتم پەموو!

ـ نا كچێ ئەو قسەیە چییە دەیكەی!

ـ باشە پەموو دەبێ چۆنی ئەو حەبانە پێبدەم؟!

ـ شەوێ پێش خەو بیخە ناو پەداخێك شیرەوە و بیدەیە با بەقوزەڵقۆرتی بكات ئەو گامێشە!

ـ باشە پەموو ماڵت نەشێوێ، ئەوەندەش دڵرەق مەبە، خۆت دەزانی من رەدووی كەوتووم! بە خۆشەویستی ڕەگەڵی كەوتووم، ئەو قسە رەقانەی پێ مەڵێ!

ـ كچێ دەبڕۆ گوو بخۆ! لەبیرت چۆوە بە چ ئەتكێك لە خۆی بەستییەوە ئەو كەڵگامێشە بۆگەنە!؟ سەیری سەیری دەڵێی فس فس پاڵەوانە خەوتووە!

ـ هههههههه ههههه

ـ هههههه دەی باشە باش كچەكێ! عالەممان تێ دەگا!

ـ هههههههه ئا ئا!! گووی رەدوو كەوتووم!!چۆن رەدووی گامێشێك دەكەوم كە بە داس سەری قالەی جوانە مەرگمی لێ كردەوە؟!! ئاخ ئەو شەوە نەگبەتییە چ بوو؟! نازانم باشە ئەم هەموو ساڵە چۆن بەرگەم گرتۆ ؟ بۆ نەموێرا!؟

ـ واز لەو قسە قۆڕانە بێنە!

ـ باشە پەموو ژنەكانی نێو شاری زۆریان كاری وا دەكەن؟

ـ زۆر؟! كچێ زۆری چی؟ بڵێ كێ نایكا!؟ هەر هەموویان ئەوە پیشەیانە! ئەوە دەڵێی چی!؟ نەگیم چۆنەكاوی بێت تاق و لۆقەی لێ هەڵكەوێ!

ـ ئایەڕۆ؟!

ـ ئەیچۆن! خۆ هەموو كەس وەك خۆم شێخ نییە!

ـ باشە پەموو ئاخر خۆ دەزانی من ئەو هەتیوە گولەم خۆش ناوێ و وەختایەكی دەیبینم وەختە بڕشێمەوە جا چۆن دۆخینی...؟!

ـ دەك دەری بابانت دڕێ، تۆ بۆ ئەوەندە كەری، كێ لەو عومری تۆدا لە شتی وا دەپرسێ؟!‌ ئەوەی بەو هەتیوە... سەد خۆزگەم بە نێرەكەری بەهارێ! دوای ئەوەش خۆ بە پێخۆش بوون و مێخۆش بوون نییە، ئەوەنێ دوای ئەو هەموو ساڵە وەك ئەوەی جندۆكەی هاتبێتە سەری هاتووە و بەربینگی پێ گرتووی و خۆی هەڵدەشیڕێنی و دەڵێ لێت لەقاو دەدەم لێت لەقاو دەدەم! 

زوو زوو قسەكانی خۆی و پەمووی وەبیر خۆی دەهێنایەوە و، زوو زوو لەبەر لێوەوە دەیگوت: باشە ئەو نالە بۆقە‌ بۆ نەهات، ئەو گولەیە بۆ نەهات؟ تۆ باشە ئەگەر ئەو شەوەی نەدیتبایە بەم سەری پیرییە تۆ بڵێی تووشی ئەم عۆینە بووبایەم؟!

ـ ئەهـ! راوەستە! راوەستە كوڕە! ئەی ئەی...

ـ حممممم...

هەر لە ڕێوە، بەپێوە كەوا و پێچی فڕێدا و، پڕی پێدا كرد. بە پسكە پسك‌ و پڕیشكە پڕیشكی دەم وفڵقی دەستی كرد بە خۆ شیرن كردن:ـ حممممم! هێشتاش تەڕی! سپی و سۆڵی! ماستی مەڕی! ئەوەیە كەلەم، داش كەلەمە داش كەلەم!

كێچێك لە نالەوە بازیدایە سەر رێزان! رێزان سەیرێكی مێردە گامێشەكەی كرد و خۆی دا بەدەستەوە و، گوتی... دەی با لە چی گوتنەكەی رێزان گەڕێین، قابیلە نەزانین لە كاتی وادا كەسی وا چی دەڵێ؟! 

بەر لە كۆتایی هاتنی چیرۆكەكە تۆ شەرەفتان پرسیارێكتان لێ دەكەم: ئەرێ پێویستی دەكر هەر لەخۆڕا تا ئێرە بەو مێردە قوڕبەسەرەی رێزان بڵێم گامێش و زوو زووش پاساوی ئەوەی بۆ بێنمەوە كە ئەوە قسەی خۆم نییە و قسەی رێزانە؟ هەر لە ئەوەڵەوە لە جیاتی گامیش بمگوتبایە مێردەكەی رێزان باشتر نەبوو؟ ئەرێ هەر بەڕاست ئەگەر مەبەستم ئەوە بووبێت كە ئێوەی خوێنەر یان گوێگر بەلارێدا ببەم و وابزانن كە مدبەقەكە گامێشی بەڕاستیی لێیە، سەركەوتوو بووم؟ كوڕە وەڵا من دەڵێم هەر بەلاشی دا نەرۆیشتم ئێوە دەڵێن چی؟!

پوور رێزان بەخۆی و 45 ساڵ تەمەنەوە تووش بوو. هات و هاوار و قووڕە قووڕی دێلە سەگێكی سەر ترەكانێ دەنگی قوولە قوولی كەڵەشێر و مەڵەشێری كپ كردبوو. بەرە بەرە خەڵك ئەوشان و ئەوشانیان دەكرد و ژانی هەستانێیان هاتبۆیە. نالە هێشتا تەواو نەبووە، دیارە چی واشی نەماوە، نزیكتر بۆوە، گسكێكی لەبن بوو، هێنایە دەرێ و فڕێدایە ئەولا، لە تەپڵی سەری دووپشكەكە كەوت، پێمەڕەكە بەربۆوە، دووپشكەكە ورووژا، بەرەوە وان هات، نالە پیاوی دەوڵەتە،‌ نزیكتر بۆوە، دووزەلە لێ دەدات، ‌زۆر كاری دیكە دەزانێ، زۆر شتیشی لەدەست دێ، بەڵام بۆخۆم حەزناكەم بیڵێم! عاشقی نێوكە شووتییە، رقی دنیای لە واشەیە، رێواس بە توێكڵەوە دەخوات و ماسیش بە تیخەوە! ئەگەر رۆژێك گوتیان ئەسپێ لەسەر عەرزی نەماوە، دەتوانن بچن لە گیانی نالەگولە، هەزار ئەسپێ بدۆزنەوە.

ـ ئاخ!

ئەرێ ئەوە ناڵەی نالە نەبوو؟! دووپشكەكە بە نالەوەی دا... كوڕە نا بابە دووپشكی چی؟ گامێشەكە.. ئا ببوورن.. مێردەكەی رێزان بوو بەگۆپاڵ لە تیغەرەی پشتی نالەی دا! ئەی هاواررر نالە هەڵات بەڵام كوڕە رێزان پێوەبوو!!!

***